رێبوار تەھا: ئەم ھەڵبژاردنە بۆ نەتەوەکەمان چارەنووسسازە
کوردسات نیوز
١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣
دەقی پەیامەکە...
ھاونیشتمانیانی خۆشەویستی کەرکوک...
خەڵکی خۆڕاگری شارەکەمان
لە پەرۆشیمان بۆ کۆتایی ھێنان بە زوڵم و ستەمکاریی لەدژی گەلەکەمان، لەپێناو پاراستنی ناسنامەی کوردانەی کەرکوک، بە ھەستکردن بە تەحەدداکانی بەردەم ئایندەی نەتەوەکەمان، ھاوپەیمانی (کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە) بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنیی پارێزگای کەرکوک ڕادەگەیەنین.
لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق ئەمە دووەم جارە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجام دەدرێت، بۆیە ئەم ھەڵبژاردنە، ھەڵبژاردنێکی چارەنووسسازە بۆ مانەوەی نەتەوەکەمان، بۆ ئایندەی کچان و کوڕانی شارەکەمان بەتایبەت دوای ئەو دۆخە سیاسیی و ئیداریی و عەسکەرییە نەخوازراوەی بەسەر شارە خۆشەویستەکەماندا سەپێنراوە.
کەرکوک و نەتەوەکەمان لە بەردەم ھەڕەشەی گەورە و ھەلومەرجێکی تەواو جیاواز و ساتەوەختێکی ھەستیار و یەکلاکەرەوەدایە، بۆیە بانگەوازی نیشتمانیمان رووی لێتانە بۆ ئەوەی بە گیانێکی پەرۆش و بەرپرسیارانەوە لە خەمی سەرخستنی لیستەکەماندابین تا ببینە ھێزێکی دیموکراتی وا کۆتایی بە دۆخی سەپێنراوی کەرکوک بێنێ و دۆخەکە بخاتە خزمەتی کەرکوک و پێکەوەیی ھەموو کەرکوکییەکاندا.
با ھەمووان لە ڕۆژانی بانگەشەدا کەشێکی ئارام و دۆستانە و شارستانیانە و بخوڵقێنین، دوور لە دروستکردنی کێشە و ئاستەنگ بۆ ھاووڵاتیانی شارەکەمان.