لە رووداوێکی تەقەکردندا لە چەمچەماڵ سێ کەس برینداربوون
کوردسات نیوز
٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣
سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی چەمچەماڵ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ، چەند کەسێک ھەڵیانکوتاوەتەسەر بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی چەمچەماڵ و ھەوڵیانداوە لە پۆلیسێکی نەھێشتن و تاوان بدەن، کە لەکاتی ئەرکدا بووە، ئەو پۆلیسەش تەقەی لێکردوون و لەئاکامدا سێ کەس برینداربوون.
ئەوەشی خستەڕوو، ھۆکاری کێشەی نێوان ئەو چەند کەسە و ئەو پۆلیسە دەگەڕێتەوە بۆ کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتی و ھیچ پەیوەندییەکی بە پۆلیسی چەمچەماڵەوە نییە.
ئەو سەرچاوە وتیشی، سکاڵایان لە دژی ئەو کەسانە تۆمارکردووە و چاوەڕوانی بڕیاری دادوەرن، لەبارەی بریندارەکانەوە وتیشی، بریندارەکان دۆخی تەندروستییان جێگیرە و لەژێرچاودێری پزیشکدان و ھاوکات دەستبەسەرن.



