دادگای سلێمانی روونکردنەوەیەکی لەبارەی دەستگیرکردنی جەمال عەبدوڵا بڵاوکردەوە
کوردسات نیوز
٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣
سەرۆکایەتی دادگای تێھەڵچونەوەی سلێمانی لە رونکردنەوەیەکدا دەنگۆیەک لەبارەی دەستگیرکردنی جەمال عەبدوڵا رەتدەکاتەوە و دەڵێت، لەسەر کاری رۆژنامەوانی رانەگیراوە، بەڵکو چەند ساڵێک لەمەوبەر بە کلکە دەمانچە لە ھاووڵاتییەکی داوە و بەڕێژەی ٣٪ تووشی سست بوونی جەستەی کردووە و ئەویش ھەر ئەوکاتە سکاڵای لەدژی تۆمار کردووە و بەپێی ماددەی (٤١٢) ی یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیردنی بۆ دەرچووە و لەئێستاشدا راگیراوە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، لە چەند ساڵی رابردو چەندینجار داوا لەو تۆمەتبارە کراوە بێتە بەردەم دادگای تاوانەکانی سلێمانی بۆ ئەوەی دادگایی بکرێت وەکو تۆمەتبارێک، بەڵام نەھاتووە و نەگوێی بەیاسا داوە و نە رێزی لە دادگا گرتووە، بۆیە لەکاتێکدا خۆی ھاتۆتە دادگا بەھۆی کەیسێکیترەوە کە شایەت بووە تیایدا، دادوەری ئەم کەیسە پێی زانیوە و بڕیاری راگرتنی داوە تا ئەو کاتەی دادگا دۆسیەکەی یەکلایی دەکاتەوە و بڕیار لە چارەنوسی دەدات، تۆمەتبار پاش دەستگیردنی دانیناوە بە ئەنجامدانی تاوانەکەی.
سەرۆکایەتی دادگای تێھەڵچونەوەی سلێمانی باسی لەوەشکردووە، رۆژنامەنووسان رێزلێگیراون و لەکاتی بوونی ھەر گرفتێک کە لەچوارچێوەی کاری رۆژنامەوانی بێت بەپێی یاسای رۆژنامەوانی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، نەک لەھەموو تاوانێک کە ئەنجامی بدات.