فەھمی بورھان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سوپای عێراق لە گوندی شەناخەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان رێگرییان لە جوتیارانی کورد کردووە زەوییەکانیان بکێڵن، ئەوەش ناڕەوایە و ئەوانیش لەسەر ئەو بابەتە لەسەر ھێڵن، بەڵێنی ئەوەشیان پێدراوە لەم قۆناغەدا لانیکەم جوتیاران دەستبەسەر نەکرێن.

وتیشی، ئەوە کەمترین دەستکەوتە بۆ جوتیارانیان کردووە و ھەوڵیش دەدەن جوتیارانی کورد رێگرییان لێنەکرێت زەوییەکان بکێڵن، بەڵام دەستوەردانی بەردەوامی سوپا جێگەی نیگەرانییە و یەکلایینەکردنەوەی دۆسیەی زەویوزاریش کێشەیەکی بەردەوامە، بۆیە دەستەکەیان ھۆشداری دەدات کە ئەگەر بەزویی چارەسەر ئەو بابەتە نەکرێت گرفتی قوڵتری لێدەکەوێتەوە.

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان وتیشی، لەسەر ئەو بابەتە بەرنامەیان ھەیە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی فیدڕاڵ کۆببنەوە و پێکەوە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ گرفتی جوتیارانی ناوچە کێشەلەسەرەکان بدۆزنەوە.