بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای ھەڵەبجە بڵاویکردەوە، بەیانیی رۆژی سێشەممە، تیمێکی ھاوبەشی ھەردوو بنکەی  پۆلیسی ھەڵەبجە و بنکەی پۆلیسی فریاکەوتن، ھەوڵی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکیاندا، بەڵام تۆمەتبارەکە بە چەکی کڵاشینکۆف روبەڕوی ھێزەکانی پۆلیس بووەتەوە و دوو پۆلیسی بریندار کردووە، دواجار تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە و دەستبەسەر چەکەکەیدا گیراوە.

راشیگەیاند، تۆمەتبارەکە تەمەنی ٣٨ ساڵە و دانیشتووی ھەڵەبجەیە، دوو فەرمانی دەستگیرکردنی لە دادگای لێکۆڵینەوەی ھەڵەبجە ھەبووە، ھەشت دۆسیەی لێکۆڵینەوەشی لەسەرە، ئەوەش بەپێی یاسای خراپبەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و ھەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت و پێشینەی تاوانی ھەیە و دووجاریش لە دادگای کەتن بۆ ماوەی ساڵێک و شەش مانگ سزادراوە.