پارتی و گۆڕان لەسەر ئاستی باڵا کۆدەبنەوە
کوردسات نیوز
٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣
دلێر عەبدولخالق رێکخەری ژووری رۆژنامەوانیی بزووتنەوەی گۆڕان بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، سبەی سێشەممە لە شاری ھەولێر، بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبنەوە، کۆبوونەوەکەش لەسەر ئاستی باڵا دەبێت.
لەبارەی تەوەرەکانی کۆبوونەوەش وتی، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و رەوشی سیاسی و ئابووریی ھەرێم و پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغداد و خۆئامادەکردنی ھەرێمی کوردستان بەرامبەر ئەو رەوش و گۆڕانکاریانەی لە عێراق و ناوچەکە ھەن، تاوتوێ دەکرێن.



