وتەبێژی یەکێتی لەگەڵ بەرپرسی نووسینگەی یونامی لە ھەرێم کۆبووەوە
١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەسەر بانگھێشتی ریکاردۆ رۆدریگێز بەرپرسی نووسینگەی(یونامی) لە ھەرێمی کوردستان سەردانی نوسینگەکەی کرد و لەلایەن بەرپرسی نوسینگە و بەڕێزان موتسی مونیارادزی و عەزیز بەرزنجی راوێژکارانی سیاسی لە نوسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ھەرێمی کوردستان پێشوازیکرا.
سەرەتا بەرێز ریکاردۆ رۆدریگز بەرپرسی نووسینگەی (یونامی) لە ھەولێر پیرۆزبایی خۆی بەبۆنەی سەرکەوتنی کارەکانی کۆنگرەی پێنجەم و دەستنیشانکردنی بەڕێزیان وەک ووتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە ھەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە راگەیاند.
دواتر سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بەوەکرد کە بەرنامە و پلان و کارەکانی کۆنگرەی پێنجەم بەسەرکەوتوویی بەرێوەچوو ، تیایدا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تەئکیدی کردەوە لەسەر خاڵە جەوھەرییەکانی پێویستی ئەمرۆی ژیانی حیزبی و ئامانجە ستراتیجی و خزمەتگوزارییەکانی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ، لەوانە کارکردن بەبەرنامە و پلانی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی ئۆڕگانەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە سوود وەرگرتن لە بیر و ئایدیای نوێ بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردنی بەرنامە و ئامانجە ستراتیجییەکانی داھاتووی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ،ھەروەھا کارکردن بۆ نوێکردنەوەی جەستە و خوێنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەسوود وەرگرتن لە تواناکانی گەنجان و ھێنانە پێشەوەیان لە ئۆرگان و پۆستە جیاوازەکان ، ھەروەھا کۆنگرە جەختی لەسەر پاراستن و یەکڕیزی و تەبایی و یەک ھەڵوێستی ھێز و لایەنە سیاسیەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان کردەوە ، ھەروەک لە ووتەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و ووتاری میوانە جیاوازەکانی کۆنگرە بەروونی ئاماژەی پێکرا .
لایەنێکی تری گفتوگۆکانی نێو کۆنگرە جەختکردنەوەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو لەسەر پارێزگاریکردن لە گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا و چۆنیەتی رێگری کردن لەسەر ئاسەوارە ژینگەییەکانی ئەم گۆڕانکارییانە و بەتایبەتیش دروستکردنی بەنداوی زیاتر بۆ دروستکردنی ھاوسەنگی سامانی ئاو لە عێراق و ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە .
سەعدی ئەحمەد پیرە ووتیشی: یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە دوای کۆنگرەی پێنجەمەوە وێڕای ھەڵسەنگاندن و ستایشکردنی کارو وبەرنامەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی داوا لە ئاژانسە جیاوازەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات کە کارو بەرنامە و ھەوڵەکانیان لە ھاوکاری سەرپێیەوە بگۆڕن بۆ ھاوکاری ستراتیژی پێشکەوتن بە ئامانجی بووژانەوەی زیاتری ژێرخانی ئابووری و مرۆیی ھەرێمی کوردستان ورەخساندنی ھەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان و چین و توێژە جیاجیاکان .