بڕیارە رۆژی سێشەممە، ئەنجومەنی ئاسایشی ئیسرائیل کۆببێتەوە بۆ پەسەندکردنی پلانێک کە ئامانج لێی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازییە لە ناوچە نوێیەکاندا.
بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکانی ئیسرائیل، بڕیارە رۆژی سێشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو لە جەنگی نزیکەی دوو ساڵەی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززەدا، کە ئەگەری کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی ناوچەکە و ئۆپراسیۆنی سەربازی لەو ناوچانەدا لەخۆدەگرێت کە تا ئێستا لێی بەدوور بوون.
عەمیت سیگال، شرۆڤەکاری کەناڵی 12ـی ئیسرائیل کە پڕبینەرترین کەناڵی هەواڵییە لەو وڵاتە، لە زاری سەرچاوەیەک لە نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانەوە گواستییەوە و رایگەیاند: "بڕیارەکە دراوە... ئێمە دەچین بۆ داگیرکردنی کەرتی غەززە."
هەمان سەرچاوە وتیشی: "حەماس بەبێ خۆبەدەستەوەدانی تەواوەتی بارمتەکان ئازاد ناکات، ئەگەر ئێستا کار نەکەین بارمتەکان لە برساندا دەمرن و غەززەش لەژێر کۆنترۆڵی حەماسدا دەمێنێتەوە."
سیگال لە زاری بەرپرسەکەوە ئەوەشی وت: "ئیسرائیل بۆ ماوەی چەندین مانگ لەسەر دووڕیانێک بوو، با راشکاوانە بڵێین، نە سەرکەوتنی بەدەستدەهێنا و نە بارمتەکانیشی وەردەگرتەوە. دەسەڵات بۆ رێککەوتن فراوان بوو، بەڵام نەگەیشتینە رێککەوتن، بۆیە بەرەو داگیرکاری دەچین."
ئەم راپۆرتانە لەبارەی فراوانکردنی ئۆپراسیۆنی سەربازی لە غەززە لە کاتێکدایە کە دانوستانەکانی ئاگربەست بە نێوەندگیری لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا ئەم هەفتەیە شکستیان هێناوە، ئەمەش سەرەڕای دڵنیاییەکانی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە کۆتایی هەفتەدا سەردانی ئیسرائیلی کردبوو و رایگەیاندبوو کە کار لەسەر پلانێک دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
هەروەها ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە حەماس، کە لە7ی ئۆکتۆبەری 2023هێرشە بەرفراوانەکەی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی پڕوپاگەندەیی بارمتە لاوازبووەکان خەڵکی ئیسرائیلی تووشی شۆک کرد.
هاوکات، فشاری نێودەوڵەتی لەسەر ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەفتەکانی رابردوودا زیادی کردووە، لەگەڵ ئەو تۆمەتانەی کە سیاسەتی گەیاندنی هاوکارییەکانی ئیسرائیل دەبێتە هۆی برسێتی لە غەززە.
لەناوخۆی ئیسرائیلیشدا فشارەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و گەڕاندنەوەی نزیکەی 50 بارمتە، چ بە زیندوویی و چ بە مردوویی، کە هێشتا لە غەززەن، زیادی کردووە و سەرکردایەتی وڵاتەکەش دابەش بووە لەسەر باشترین رێگا بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە.
هەندێک لە وەزیرەکانی حکومەتی ناتانیاهۆ، وەک بتزالئێل سمۆتریچی وەزیری دارایی و ئیتامار بن گڤیری وەزیری ئاسایشی نیشتمانی، فشاردەکەن بۆ داگیرکردنەوەی غەززە و دروستکردنەوەی ئەو نیشینگە جوولەکانەی کە 20 ساڵ لەمەوبەر چۆڵکران. بەڵام سوپای ئیسرائیل دژی ئەو پلانەیە و بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجومەنی وەزیراندا چەند بەدیلێکی تر پێشکەش بکات.