بۆ بەرز راگرتنی ساڵیادی شەھیدبوونی شەھیدی فەرماندە محمودی مامەعەزە ئەمڕۆ پێنج شەممە ۱۲ـ۱٠ـ۲٠۲۳ بەئامادەبونی سالار محمود ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و وەفدێک لەھەردوو مەڵبەندی خانەقین و گەرمیان و کۆمیتەی رێکخستنی باوەنور و مەیدان و بەشێک لە ھاوڕی و ھاوسەنگەرانی، سەردانی گۆڕستانی گوندی ھۆرێنی بناری بەمۆ_یانکرد.

لەمەراسیمێکدا لەسەر مەزاری شەھید ئاماژە بە خەبات و لێھاتوویی شەھیدی فەرماندە محمودی مامەعەزە لە بزاڤی رزگاری خوازی گەلی کورد کرا، ھەمووان بەڵێنی وەفایان بۆ رۆحی شەھید دووپاتکردەوە.

شەھیدی فەرماندە مەحمود عەزیز ناسراو بە مەحمودی مامە عەزە، ساڵی ١٩٥٤ لەگوندی (ھۆرین)ی بناری بەمۆ لە دایکبووە و یەکێک بوو لە پارتیزان و تێکۆشەرە دیار و ئازاکانی کوردستان و بناری بەمۆ، لەسەرجەم قۆناغە سەختەکانی خەباتی سیاسی و چەکداری یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا بەوپەڕی جوامێری و لێھاتوویەوە ئەرکە حزبی و رێکخراوییەکانی جێبەجێدەکرد، رۆژی ١٢/١٠/١٩٩٦ لەناوچەی (سەرتەک)ی زێدی باوباپیرانی شەھیدکراو چووەکاروانی سەروەرانەوە، بۆ ھەمیشە رۆحی بەخاکی پیرۆزی کوردستان و کاروانی نەمری سپارد و بوو بە مەڵۆیەکی تر لەخەرمانی خەباتی بنەماڵە تێکۆشەر و خاوەن قوربانییەکەی.