یەکێتی مامۆستایانی کوردستان سەبارەت بە دەستپێکردنی پڕۆسەی خوێندن راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە
کوردسات نیوز
١٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٣
مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان سەبارەت بە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە داوا لە حکومەتی ھەرێم دەکات پەروەردە و خوێندنی باڵا بە ئەولەویەت بزانێت و تەواوی توانا ماددیەکانی بۆ فەراھەم بکات و دەڵێت، چاوەکان لەسەر ئەوەبوون ساڵی تازەی خوێندن لە کەشێکی باشتر دەستپێبکات، بەڵام بەداخەوە پێچەوانەکەی دەبینرێت و کێشەکان وەکو خۆیان ماونەتەوە.
ھەروەھا داوا لە ھەردوو حکومەتی ھەرێم و عێراق و لایەنە بەرپرسەکان دەکات، بەزووترین کات مووچە دابەش بکەن و ھەر ٣٠ رۆژ جارێک بدرێت، کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ بە دامەزراندن چارەسەر بکەن، پێداویستییەکانی تری ناوەندەکانی خوێندن بە تەواوی بڕەخسێنن.
جەخت لەوەشدەکاتەوە، یەکێتی مامۆستایان دەستەوەستان نابێت و ھەڵوێستی جددی دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی مافی مامۆستایان.