جون ھاریس سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای گەڵف کیستۆن بڵاویکردەوە، حکومەتی ھەرێم لە کاتی گونجاودا پێدانی شایستە داراییەکانی فڕۆشی نەوت دەستپێدەکاتەوە، تا ئێستاش پێیانوایە راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێم کاتییە، ئەگەرچی ھیچ وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی رانەگەیەندراوە.

جون ھاریس وتیشی، بەشێکی بەرھەمھێنانیان لە کێڵگەی شێخان دەستپێکردووەتەوە و تا ئێستا دانوستانەکان لەنێوان حکومەتی ھەرێم و عێراق و لێپرسراوانی تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت بەردەوامە. راشیگەیاند، شایستەی دارایی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ تا ئاداری ٢٠٢٣ لەلای حکومەتی ھەرێمە، کە بڕەکەی ١٥١ ملیۆن دۆلارە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ١٩ی تەمموزەوە تا ٣١ی تەمموز، رۆژانە چوار ھەزار و ٩٠٠ بەرمیلیان فرۆشتووە و لە مانگی ئابیشەوە فرۆشی رۆژانە ١١ ھەزار و ٧٠٠ بەرمیل نەوت بووە، بەپێی رێککەوتنی ھاوبەشیش پارەکەیان پێشەکی وەرگرتووە.

ھەروەھا رەزامەندیدان لەسەر یاسای بودجە پێشکەوتنێکی باش دەبێت بۆ داڕشتنی چوارچێوەیەک بۆ بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێم لەبەرامبەر ناردنی بەشە بودجە.