ھونەر  جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێم لە بەرنامەی تا یەکی کوردسات نیوزدا رایگەیاند، لەئێستادا لیژنەیەکی چاودێری دارایی عێراق لە ھەرێمە و وردبینی لە سەرجەم خەرجیی و داھاتەکانی کوردستان دەکات.

وتیشی، دوای دەرچوونی رێنماییەکانی تایبەت بە یاسای بودجە لە رۆژنامەی وەقائیع، پێویستە لە ١٨ تا ٢٥ـی ئەم مانگەدا مووچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەکانی دیکە ھەرێم رەوانە بکرێت.

پەیوەست بە داھاتی ناوخۆش، وتەبێژی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەکرد، بۆچوونی جیاوازیان ھەیە لەگەڵ بەغداد سەبارەت بە داھاتی فیدراڵییەکان و تیمە ھونەرییەکانی ھەردوولا لەو بارەیەوە لە گفتوگۆدان.

دەشڵێت، بەپێی یاسا داھاتەکانی باج و رسومات داھاتی پارێزگاکانە، بەڵام خاڵە سنورییەکان بەپێی یاسای ئیدارەی مالی لەسەدا ٥٠ ی دەبێت بگەڕێتەوە، بەڵام بەحوکمی دابڕانی ١٠ ساڵەی نێوان ھەرێم و بەغداد گفتوگۆکان کاتی دەوێت بۆ ئەوەی بگەن بە ئەنجام لەو بارەیەوە.