ئاسۆ مامەند لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزیدی پەیامێک بڵاودەکاتەوە
کوردسات نیوز
٣ی ئابی ٢٠٢٣
دەقی پەیامەکە...
جینۆسایدکردنی خوشک و برا ئێزیدییەکانمان درێژرکراوەی ھەمان ئەو کولتورە وەحشیگەرانەیە کە پڕۆسەی کۆمەڵکوژی دژ بە نەتەوەکەمان ئەنجامدا
دەقی پەیامەکە..
نۆ ساڵ لەمەوبەر، رێکخراوی تیرۆریستی داعش پەلاماری شەنگالیداو زۆر بێ بەزەییانە دەستیان لە ھیچ شتێک نەپاراست، بەو ھۆیەشەوە بە ھەزاران کەس لە ژن و منداڵ، گەنج و پیر جینۆساید کران، و بە ھەزارانی دیکەش ئاوارەبوون، و ژمارەیەکی زۆریش لە کچ و ژنانی ئێزیدی لەلایەن ئەو رێکخراوە تیرۆریستییەوە ڕفێنران.
جینۆسایدکردنی خوشک و برا ئێزیدییەکانمان درێژرکراوەی ھەمان ئەو کولتورە وەحشیگەرانەیە کە لە رابردوودا پڕۆسەی کۆمەڵکوژی دژ بە نەتەوەکەمان ئەنجامدا، ئەو رووداوە ئەوەمان پێدەڵێت کە لە سەردەمی عەولەمەشدا ھێشتا عەقڵییەتێک ماوە کە باوەڕی بە کوشتن، سڕینەوەی بەرامبەرکەی، بیری فاشیزم و کۆنەپەرستی ھەیە.
رووداوی جینۆسایدکردنی خوشک و برا ئێزیدییەکانمان راستییەکی حاشاھەڵنەگری بیر خستینەوە؛ ئەویش ئەوەیە ھێشتا نەتەوەکەمان لە بەردەم ھەڕەشە و مەترسیدایە، و دەبێت خۆمان بۆ ئەگەر و پێشھاتی ھاوشێوەی شەنگال ساز و ئامادە بکەین! ئەم یادە مەرگەساتە بە دەرفەتێک دەزانم؛ کە تیایدا جەخت لە یەکڕیزی و ھاوھەڵوێستی سەرجەم حزب و لایەنە کوردستانییەکان بکەمەوە، و بە یەک گوتار و ھەڵوێستی ھاوبەش رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببینەوە.
ھەروەھا لەسەر ھەردوو لایەنی حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش پێویستە کە ھەوڵەکانیان خێرا بکەن بە ئاراستەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال و گێڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و دەستەبەرکردنی ژیانێک کە شایستە بێت بە گەورەیی ئەو مەرگەساتەی کە بەسەر خوشک و برا ئێزیدییەکانمان ھات.
سڵاو لە روحی پاکی جینۆسایدکراوانی خوشک و برا ئێزیدییەکانمان، سەربەرزی و مانەوە بۆ شەنگالییەکان
ئاسۆ مامەند
کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان