بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆلی جۆری دەرمان لە ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر بڵاوبوونەوەی ھەواڵێک لە چەند پەیج و ماڵپەڕێک لە ناوخۆ و دەرەوە سەبارەت بە دەرمانی کۆڵد ئاوت، دوای بەدواداچوونی وردی زانستی و پیشەییانەی روونی دەکەنەوە، کە بە دەرمانەکە بە شێوەیەکی رەسمی ھاوردەی ھەرێمی کوردستان کراوە و ھەڵسەنگاندنی تاقیگەیی بۆ ئەنجامدراوە و کارگەی بەرھەمھێن تۆمارکراوە.

دەشڵێت، بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی دەرمانەکە و پاراستنی تەندروستی ھاوڵاتیان بڕیاریاندا بە راگرتنی مامەڵەکردن و بەکارھێنانی دەرمانەکە و راکێشانەوەی ھەموو ئەو ژمارە باجانەی کە لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستاندا بوونیان ھەیە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەروەھا بڕیادراوە بە ھەڵپەساردنی کارگەی بەرھەمھێنەر و راگرتنی ھاوردەکردنی بەرھەمەکانی کارگەکە تا دەرچوونی ئەنجامی کۆتایی لێکۆڵینەوە.

پێشتریش وەزارەتی تەندروستی عێراق وەڵامی ئاژانسی بلومێرگی ئەمریکی داوەتەوە لەبارەی ژەھراویبوونی دەرمانی "کۆڵد ئاوت"، کە بۆ نەخۆشی سەرمابوونی منداڵ بەکاردەھێندرێت، ئاماژەی بەوەکردبوو، بابەتێکی نوێ نییە و پێشتر وەزارەتی تەندروستی بەدواداچوونی بۆ کردووە.