دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی: تائێستا خەڵکێکی زۆر لەناو کەمپ و چادرگەکاندا ژیانێکی تاڵ بەسەردەبەن
کوردسات نیوز
٣ی ئابی ٢٠٢٣
لە پەیامەکەی سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی ئاماژە بەوەشکراوە، لەمەودوا زیاتر دەستی ئاوەدانکردنەوە بگەێنن بە ناوچە زیان لێکەوتووەکان، چونکە بەھۆی کێشمەکێشی سیاسی تائێستا خەڵکێکی زۆر لەناو کەمپ و چادرگەکاندا ژیانێکی تاڵ بەسەردەبەن.
دەقی پەیامەکە...
وا نۆ ساڵ بەسەر کارەساتی جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدی تێدەپەرێت ، ئەم کارە تیرۆریستییە جیھان و مرۆڤایەتی بەگشتی ھەژاند؛ کە لەسەدەی بیست و یەک بە بەرچاوی پارێزەرانی مافی مرۆڤەوە جەھالەت لەژێرپەردەی ئاییندا کۆمەڵگەی ئێزیدی بەئامانج بگرن و بە خراپترین شێوە جینۆسایدبکرێن و کچ و منداڵیش بکرێنە دەستکەوتی جەنگ و لە بازارەکاندا وەک کاڵا کڕین و فرۆشتنیان پێوەبکرێت.
تیرۆریستانی داعش بوونەتە قێزەونترین گرووپ کە بەکردەکانیان بێ ئەوەی مرۆڤایەتییان لا گرنگ بێت دیوە جوانەکەی پێکەوەژیانیان لەم کۆمەڵگەیە تێکداو برینێکی قوڵیان لەجەستەی یەکتر قبوڵکردن و پێکەوەژیان دروستکردوو بوونە پەڵەیەکی رەشی نێومێژوو.
سەرباری ھەوڵە بەردەوامەکان لە ئاستی کوردستان و ھەوڵەکانی حکومەتی ئیتیحادی و بەھاوکاری ھەمەلایەنەی مرۆڤدۆستان لە ناوخۆ و جیھان کاری جدی کراوە بۆ ساڕێژبوونی برینی قوڵی کۆمەڵگەی ئێزدی و ھەوڵدراوە کە قوربانیان لەدەست تیرۆریستان رزگاربکرێن و بچنەوە نێو ژیانی ئاسایی خۆیان.
زۆر گرنگە کە لە لەلایەن ھەردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ کاری راستەقینە بکرێت بۆئەوەی ئەم تاوانە قێزەونە لە سەرتاسەری جیھان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بە جینۆساید بناسێنرێت وە بۆ لەمەودوا زیاتر دەستی ئاوەدانکردنەوە بگەێنن بە ناوچە زیان لێکەوتووەکان، چونکە بەھۆی کێشمەکێشی سیاسی تائێستا خەڵکێکی زۆر لەناو کەمپ وچادرگەکاندا ژیانێکی تاڵ بەسەردەبەن.
لەم بۆنە پڕ ژان و ئازارەدا درود بۆ رۆحی بەرزی شەھیدانی دەستی غەدری تاوانی شەنگال دەنێرین و یادوو بیرەوەریان لە دڵماندا زیندووە و خۆڕاگری ئەوانیش وەک سیمبولی شانازی نەتەوەییمان سەیر دەکرێت کە ھیچ گرووپ و تاقمێک ھێزی لەناوبردنی کوردانی رەسەنی ئێزیدی نییە.
باڵیۆز د. محەمەد سابیر
سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی
٣/٨/٢٠٢٣