بافڵ جەلال تاڵەبانی: خوشک و برایانی ئێزدی دەکرێنە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان
کوردسات نیوز
٣ی ئابی ٢٠٢٣
دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی:
ئەمڕۆ نۆ ساڵ بەسەر جینۆسایدی خوشک و برا ئێزدییەکانمان تێدەپەڕێت و هێشتا ئەم برینە گەورەیە خوێنی لێدەچۆڕێت. تاوەکو ئێستا نەک هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ قەرەبووکردنەوەی خوشک و برایانی ئێزدی نەنراوە، بەڵکو دەکرێنە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان و شەنگالی خۆشەویستیش کە زێدی ئەوانە، وەک وێرانەی دوای جەنگ ماوەتەوە.
ناکرێت دڵسۆزی و وەفاداری بەرامبەر کوردانی ئێزدی تەنیا لە دروشمدا بمێنێتەوە و دەبێت هەمووان هەنگاوبنێین، هەنگاوێک کە بە رۆحێکی نەتەوەیی و مرۆڤدۆستانەوە بنرێت و بەشێکبین لە گەڕانەوەی هیوا بۆ خوشک و براکانمان نەک قووڵکردنەوەی برینەکانیان. بەرپرسیارێتیی هەموومانە ئەم تاوانە گەورەیە لەبیر نەکەین و کار بۆ بەجینۆسایدناساندنی بکەین، بێگومان هەڵوێستی ئەو وڵاتانەش لەیادناکەین کە بە فەرمی تاوانەکەیان وەک جینۆساید ناساندووە.
داوا لە حکومەتی عیراق دەکەین ئەرک و بەرپرسیارێتیی یاسایی و مرۆیی خۆی بەرامبەر ئێزدییەکان بەجێبهێنێت و چیتر لە قەرەبووکردنەوەی ئێزدییەکان و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال کەمتەرخەم نەبێت،
درود و سڵاو بۆ گیانی شەهیدان و قوربانییانی ئەم تاوانە لەبیرنەکراوە و سەرفرازیی بۆ خوشک و برا ئێزدییە خۆڕاگرەکانمان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان