سەرکردایەتیی کەرکوک- سەڵاحەدینی یەکێتی لە کەرکوک کۆبووەوە
کوردسات نیوز
١ی ئابی ٢٠٢٣
لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی سیاسی عیراق، ھەرێم و ناوچە جێناکۆکەکان و پرسی رێکخراوەیی بە وردیی تاوتوێکران، بە تایبەتیش کێشە ھەڵواسراوەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر لە سەروشیانەوە دواکەوتنی موچە و بژێوی خەڵکی کوردستان، بە تایبەتیش ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا پرسی ئیداری، خزمەتگوزاری و ئەمنی بە وردیی گفتوگۆیان لە بارەوە کرا، و لەو بارەیەوە ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدین رایگەیاند؛ جگە لە جێبەجێکردنی سیاسەتی چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلال لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، ئەو ناوچانە ھیچ رێوشوێنێکی دیکە قبوڵ ناکات، چونکە ناوچەیەکی تێکەڵە لە نەتەوە و پێکھاتە و ئاینزای جیاواز، بۆیە دەبێت تایبەتمەندی ئەو ناوچانە لەبەرچاو بگیرێت.
ئاسۆ مامەند تەئکیدیشی کردەوە؛ کە جیاکاری لە بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەدا و گرینگیدان بە پێکھاتەیەک و پشتگوێخستنی ئەوانی دیکە، خزمەت بە ھیچ کەس و لایەنێک ناکات، چونکە دۆخی عیراق و ئەو ناوچانەش ئەوەمان لێدەخوازێ کە پڕەنسیپی سازان و پێکەوە ژیان بکرێنە بنەمای بەڕێوەبردن، و لە رێگەیەوە خزمەتی دانیشتوانەکەی پێ بکرێت.
لە بارەی پرسی رێکخراوەییشەوە کارگێڕی مەکتەبی سیاسی رایگەیاند؛ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ھەناوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە درووست بووە و ھەر لەو پێناوەشدا درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆی دەدات، و سازش لەسەر ماف و خواستەکانیان ناکات، بە تایبەتیش ئەو پرسانەی کە پەیوەندیدارن بە خاک، نەتەوە و خۆشگوزەرانی ھاووڵاتییان.
لە کۆتاییشدا ھەڤاڵانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکوک-سەڵاحەدین جەختیان کردەوە؛ کە سیاسەت و ستراتیژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تەئکید کردنەوەیە لەسەر ھەمان ئەو پڕەنسیپانەی کە لە پێناویدا درووست بووە، دروشمی سەرکەوتن تا نەسرەوتنیش بنەمای پشوودرێژی خەباتی نەپساوەی یەکێتییەکەمانە تا گەیشتن بە تەواوی خواست و مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان بە گێڕانەوەی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانیشەوە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان.