مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە یادی نۆ ساڵەی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی پەیامێک بڵاودەکاتەوە
کوردسات نیوز
١ی ئابی ٢٠٢٣
دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی....
لە یادی نۆ ساڵەی کارەساتی پڕ لەتاوانی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی و پەلاماردانی شەنگال و دەوربەری لەلایەن تیرۆریستانی داعش کە دڕندانەترین ڕەفتاریان دژ بەمرۆڤایەتی تۆمارکرد ،وێڕای ھەوڵە بەردەوامە کوردستانییەکان و ھەماھەنگی لەگەڵ حکومەتی ئیتیحادی و بەھاوکاری لەگەڵ حزب ولایەنە سیاسیەکوردستانی وعیراقیەکان کە بۆ سڕینەوەی شوێنەوارەکانی ئەوتاوانە گیراونەتە بەر ،بەڵام ھێشتا زامەکانی تاوانەکە بە تەواوەتی سارێژ نەبوون ،چونکە سەرەڕای رزگاربوون لەچنگی داعش ، بەڵام ھێشتا وەک پێویست دەستی ئاوەدانکردنەوە بەوناوچانە نەگەیشتوە و خەڵکێکی زۆر لە ناو کەمپ وچادرگەکاندا ژیانێکی کولەمەرگی لەئاوارەییدا بەسەردەبەن .
دوای ڕاماڵینی داعش لەوناوچانە ،ھەرچەندە ژمارەیەکی زۆری بەدیل گیراو و کەنیزەکە رفێنراوەکان رزگاریان بوە ،بەڵام ھەرچی زیاترە پێویستمان بە چڕکردنەوەی ھەوڵەکانە بۆ سۆراغکردنی چارەنووسی ئەوانەی لە ڕۆژانی کارەساتەکەوە تاکو ئێستا بێ سەرو شوێنن .
بەئەرکی سەرشانی ھەموو لایەکی دەزانین شەنگال و دەوروبەری لەھەر مەترسی و ھەڕەشەیەک بپارێزین وئەم کەیسە دوای قۆناغی پاشەکشێی ناجوامێرانە و کەمتەرخەمی نیشتمانیی، وەک کارتێکی سیاسیی مامەڵەی پێوە نەکرێ و مەینەتی کەسوکارمان لە ئێزدیخان درێژە نەخایەنێت.
ھەرلەم یادە پڕ لە ئازارەدا درود بۆ ڕۆحی شەھیدانی دەستی غەدری تاوانی شەنگال دەنێرین و ئارامی و ئۆقرەیی بۆ کەس و کاری سەربەرزیان دەخوازین .
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان