وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: لە ماوەیەکی زۆر کەمدا کێشەی بەنزین چارەسەر دەکرێت
کوردسات نیوز
١ی ئابی ٢٠٢٣
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت، دوای رێگەپێدان بۆ ھاوردەکردنی بەنزین لە ٣٠.٧.٢٠٢٣، مانگانە ٧١ ملیۆن لیتر بەنزین بۆ ناو ھەرێمی کوردستان ھاوردە دەکرێت.
ئەو وەزارەتە راشیگەیاند، ھۆکاری گرانی نرخی بەنزین ئەوەیە پشکی ھەرێمی کوردستانی لە پێدانی بەنزین لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بڕدراوە و ھەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی بەنزین چڕکردووەتەوە و " کێشەی بەنزین لە ماوەیەکی زۆر کەمدا چارەسەر دەکرێت".
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەشڵێت، "بەھۆی ئەوەی حکومەتی عێراق لە ١٠.٧.٢٠٢٣، پشکی ھەرێمی کوردستانی لە پێدانی بەنزین بڕیوە، قەیرانی کەمیی خستنەڕووی بەنزینی لێکەوتۆتەوە، ئەمەش ھاوکاتە لەگەڵ ھەڵکشانی خواست لەسەر بەنزین".
بەپێی ئامارەکانی ئەو وەزارەتە، ھەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستیی بە سێ بۆ سێ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار لیتر بەنزین ھەیە.