ھاوژین عوسمان سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تاکو رۆژی پێنجشەممەی کۆتایی ئەم ھەفتەیە چاوەڕوانی ھاتنی مووچە دەکەن بە پێچەوانەوە لە سەرەتای ھەفتەی داھاتووەوە بایکۆتی دەوامەکانیان دەکەن.

وتیشی، داوایان لە سەرجەم بەڕێوەبەری نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان کردووە، بۆ ئەم چەند رۆژە، لەرووی دەوامکردنەوە فشار لە کارمەندەکانیان نەکەن و دەوام کەمبکنەوە.

لە بەرامبەردا، محەمەد عەلی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەوان لەگەڵ بایکۆتکردنی دەوام نین، بەڵام مووچەش بە مافێکی سەرەکی کارمەندەکان دەزانن و مافی خۆیانە ئەگەر مووچە نەبێت دەوام نەکەن.

تائێستا لە ھەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی حوزەیران و تەمموز دابەشنەکراوە و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچە چاوی لە ھاتنی بەشە بودجەکەیە لە بەغدادەوە.