فراکسیۆنی یەکێتی چەند داوایەک لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات
کوردسات نیوز
٣١ی تەمووزی ٢٠٢٣
دەقی راگەیەندراوەکە...
سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ ٣١/ ٧ وەفدێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران کە پێکھاتبوون لە سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی فراکسیۆن سەردانی بەڕێز محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقیان کرد.
لەدیدارێکی دۆستانەدا، فراکسۆنی یەکێتی کۆمەڵێ داخوازی ھەنووکەیی خەڵکی کوردستانی خستە بەردەم بەڕێز سەرۆک وەزیران، کە گرنگترینیان بریتی بوون لەمانە:
١. ناردنی پشکی ھەرێم یاخود سلفەیەک بۆ دابەشکردنی مووچە لە ھەرێمی کوردستان، کەنزیکەی دوو مانگە دابەش نەکراوەو بار گرانیەکی زۆری دروستکردوە، لەمبارەیەوە بەڕێز سەرۆک وەزیران جەختیکردەوە لەماوەیەکی زۆر نزیکدا پارە بۆ ھەرێم دەنێرین بۆ مووچە.
٢. تەرخانکردنی بودجەیەک وەکو دیاری سەرۆک وەزیران بۆ پارێزگای ھەڵەبجە.
٣. داننان بە زانکۆکانی گەرمیان و جەرموو و راپەرین لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە.
٤. تەرخانکردنی بودجەیەکی دوو ملیار دیناری بۆ ئەنجامدانی پشکنینی DNA بۆ ١٧١ روفاتی ئەنفالکراوانی گەرمیان کە ئێستا لە پزیشکی دادی بەغدان.
٥. ئەنجامدانی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە- چەمچەماڵ، کە کێشەی ئاوی خواردنەوەی چەمچەماڵ چارەسەر دەکات وەک دیاریەک بۆ پایتەختی ئەنفالکراوانی کوردستان.
٦. دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجە لە سلێمانی.
٧. چڕکردنەوەی ھەوڵەکان بۆ لابردنی ئابلۆقەی ئاسمانی لەسەر فرۆکەخانەی سلێمانی.
٨. چارەسەرکردنی کێشەی زەویوزاری کشتوکاڵی جووتیارانی کوردی کەرکوک و دەوروبەری، بۆ ئەم مەبەستە سەرۆک وەزیران رایگەیاند لەگەڵ وەزیری دادی عێراق قسەیان کردوەو بڕیاریدا لیژنەیەکی لەوەزارەتە پەیوەندارەکان و ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان و پەرلەمانتارانی پارێزگالە پێکبھێنرێت.
٩. راگرتنی ھاوسەنگی لە پۆستە ئیداریەکان و دامەزراندن لە کەرکوک و ناوچە کوردستانیە دابرێنراوەکانی تر.
١٠. دروستکردنی بەنداو بۆ گڵدانەوەی ئاو بۆ رووبەروبونەوەی کێشەی کەم ئاوی.
بەڕێز سەرۆک وەزیران سوپاسی ھەڵوێست و سیاسەتی ھاوسەنگ و بەرپرسیارانەی یەکێتی کرد مامەڵەکردن لەگەڵ کێشە سیاسیەکانی عێراق و پاڵپشتی کردنی حکومەتی عێراق.
سەبارەت بە داخوازییەکانی فراکسیۆنی یەکێتی-یش سەرۆک وەزیران رایگەیاند ھەموو داواکارییەکان تاوتوێ دەکەین و بڕیاری پێویستی لەبارەوە دەدەن.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی سوپاسی سەرۆک وەزیرانی کرد و پشتیوانی یەکێتی بۆ سەرکەوتنی ھەنگاوەکانی حکومەت بۆ خزمەتکردنی خەڵک و چاکسازی دووپاتکردەوە.
جەختیشی کردەوە لەسەر داخوازییەکانی فراکسیۆنی یەکێتی کە داخوازی خەڵکی کوردستانن.
فراکسیۆنی یەکێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٣١/ ٧ / ٢٠٢٣