مەڵبەندی سێی ھەولێری یەکێتی لە یادی ئەنفالکردنی بارزانییەکاندا پەیامێک بڵاودەکاتەوە
کوردسات نیوز
٣١ی تەمووزی ٢٠٢٣
دەقی پەیامی مەڵبەندی ٣ ی ھەولێر لەبیرەوەری چل ساڵەی مەرگەساتی کۆمەڵکوژی بارزانیەکاندا...
٤٠ ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی لە ١٩٨٣/٧/٣١ تاوانێکی دڕندانەی بەرامبەر بە گەلەکەمان ئەنجامدا و لە یەک کاتدا ٨٠٠٠ ھاوڵاتی کوردی بارزانی ڕاپێچی مەرگێکی نادیار و بێ سەرو شوێن و زیندە بەچاڵکرد .
ئەو تاوانەش لەدرێژەی ئەو تاوانانەبوو، کەرژێمی لەناوچووی بەعس لە چوارچێوەی سیاسەتی لەناوبردنی گەلی کورد ئەنجامیدا، ئەم تاوانە دوابەدوای قوناغی یەکەمی ئەو بەرنامە ترسناکانە ھات کە بە راگواستنی بارزانیەکان لە زێدی باو باپیرانیان دەستی پێکرد و لە کۆمەڵگە زۆرەملێیەکانی بەحرکەو قوشتەپە و حەریردا جێگیری کردن.
پێشتریش رژێمی بەعس بە سێ قوناغ ، خەڵکی مەدەنی ناوچە سنوریەکانی ڕاگواستبوو.
لە ڕۆژی ١٩٨٣/٧/٣١رژێمی بەعس گەمارۆی کۆمەڵگاکانی قوشتەبە و بەحرکە و حەریری لە سنوری پاریزگای ھەولێر دا کەپێشتر لە چوارچێوەی بەرنامەرێژیدا بۆ تاوانێکی وا دڕندانە داڕشتبوو ، کە سەرجەم گەنج و لاو و پیاوانی بارزانیەکانی راپێچی چارەنووسێکی نادیاری کردن .
ھەر دوای ماوەیەکی کەم لە بیابانەکانی سەماوە زیندەبەچاڵی کردن و بەداخەوە تا ئێستا چارەنوسی زۆربەیان نادیارەو و تەنانەت روفاتی زۆرینەشیان نەدۆزراونەتەوە.
لەبیرەوەری ئەنفالکردنی بارزانیەکاندا ، سەری رێز لەبەردەم شەھیدانی ئەنفالی بارزانیەکان و سەرجەم شەھیدانی کوردستان دادەنەوێنین و ھاوخەمی خۆمان بە کەس وکاری و خانەواودەی قوربانیانیەکان رادەگەیەنین . ھیواخوازین ئەم یادە ھاندەرمان بێت بۆ تەبایی و یەکریزی و یەکھەڵوێستی گەلەکەمان.
ھەر لەم یادەوەریە خەمگینەدا ، دووبارە سوپاسی ھەڵوێستی نەتەوەییانەو جوامێرانەی کۆمەڵانی خەڵکی شاری ھەولێری خۆشەویست دەکەین ، کە لەم سەردەمەدا ھاوخەم و ھاوکاری خانەوادەی ئەنفالکراوانی کوردانی بارزانی بوون .
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
مەڵبەندی ٣ ی ھەولێر
٢٠٢٣/٧/٣١