وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، سبەینێ دووشەممە ڕێکەوتی ٣١ی تەمووزی ٢٠٢٣ ەوە وەزارەتی ناوخۆ بە ھەماھەنگی لەگەڵ پارێزگای ھەڵەبجە ڕێکارە کارگێڕییەکان و ھەنگاوی کرداری ھێنانەکایەوەی قەزای خورماڵ دەستپێدەکات.

کاوە عەلی جێگری پارێزگاری ھەڵەبجەش بە کوردسات نیوز راگەیاند، تایبەت بە قەزاکردنی ناحیەی خورمال پێشتر سێ نوسراویان لەساڵانی ٢٠١٩، ٢٠٢٠ و ٢٠٢٣ لە ئیدارەی پارێزگای ھەڵەبجە ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، رێکارەکان لە پارێزگای ھەڵەبجە دەستپێدەکات، سنوری ئیداری جیادەکرێتەوە لەگەل پێداوستییەکانی دواتر ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ و لە وەزارەتی ناوخۆش بەرز دەکرێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران تا فەرمانی بەقەزاکردنی بۆ دەربچێت.

جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە راشیگەیاند، رێکارەکان پێشتر ئامادەکراون و کاتی زۆریان پێویست نییە.