وەزارەتی ناوخۆ: لە ماوەی ساڵێکدا لە بنکەکانی پۆلیس ١٧ ھەزار چەک تۆمارکراوە
کوردسات نیوز
٣٠ی تەمووزی ٢٠٢٣
وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم رایگەیاند، لە ماوەی ساڵی رابردوودا لە رێگەی کردنەوەی ٩٠ بنکەی تۆمارکردنی چەکی ئاگرینەوە، لە بنکەکانی پۆلیس زیاتر لە ١٧ ھەزار چەکی ھاووڵاتیان تۆمارکراوە، پسوڵەی تۆمار دراوە بە ھاووڵاتیان، لە ٢٢ی تەمموزیش یاسای چەک ژمارە دووی ساڵی ٢٠٢٢ کەوتۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ئەو ھاووڵاتیانەی ھێشتا چەکی تۆمار نەکراو لە ماڵەکانیان ھەیە و مەبەستیانە ئەو چەکە بکەنە رەسمی و خۆیان لە لێپرسینەوەی یاسایی بپارێزن، لە دوای بەرکاربوونی یاسای چەک، دوو مانگ مۆڵەت بۆ ھاووڵاتیان درێژکراوەتەوە، خۆیان ھەواڵ بدەن لە ھەبوونی چەکی بێ مۆڵەت و داوای مۆڵەت بکەن تا لە سزا ببوورێن.
جەختی لەوەشکردوە، ھەرکەسێک لە ماوەی ٦٠ رۆژدا لە دوای بەرکاربوونی ئەو یاسایە، ھەواڵ بدات لەسەر دەستداریی چەکێکی بێ مۆڵەت، لە سزا دەبوردرێن و دەسەڵاتی مۆڵەتدان دەتوانێت بە پێی حوکمەکانی ئەو یاسایە مۆڵەتی پێ بدات.
داوا لە ھاووڵاتیانیش دەکات، سوود لەو ٦٠ رۆژە وەربگرن و ئەوانەی چەکەکانیان تۆمار نەکردووە، دەتوانن سەردانی بەرێوەبەرایوەتییەکان بکەن بۆ ئەوەی بە رەسمی داوای مۆڵەتی دەستداری یان ھەڵگرتنی چەک بکەن.