لە کەرکوک حاڵەتێکی دیکەی تای خوێنبەربوون تۆماردەکرێت
کوردسات نیوز
٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٣
سامان یابە لێپرسراوی بەشی راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تووشبووەکە گەنجێک تەمەنی ٢١ ساڵە و دانیشتووانی قەزای حەویجەیە.
وتیشی، دوای دڵنیابوون لە تووشبوونی بە نەخۆشییەکە، ئەو گەنجە رەوانەی نەخۆشخانەی شیفا کراوە و لە ئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.
لێپرسراوی بەشی راگەیاندنی تەندروستی کەرکوک ئاماژەی بەوەشکرد، تائێستا لە کەرکوک ھەشت کەس تووشی تای خوێنبەربوون بوون و دووانیان گیانیانلەدەستداوە کە یەکێکیان تەمەنی ٢٩ ساڵ، ئەوی دیکەشیان تەمەنی ٣٩ ساڵ بووە و ھەردووکیشیان لە رەگەزی نێر بوون.
تائێستا بە گشتی لە عێراق، زیاتر لە ٤٢٠ کەس تووشی تای خوێنبەربوون بوون، ٥٦ کەسیان گیانیان لەدەستداوە.