وادەی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی لە عێراق و ھەرێم دیاریدەکرێت
کوردسات نیوز
٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٣
وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەیەکدا کە محەمەد عەلی تەمیم وەزیری پلاندانان و سەرۆکی دەستەی سەرژمێری ھەرێم و نوێنەرانی وەزارەتەکان بەشداربوون، مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ وەک وادەیەکی سەرەتایی بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دیاریکراوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، محەمەد تەمیمی جەختی کردووەتەوە لەوەی سەرجەم گرفتەکانی پەیوەست بە سەرژمێری لەلایەن حکومەتی عێراق و دادگای فیدراڵی یەکلاکراونەتەوە، ھەوڵەکانیش بۆ چارەسەرکردنی لایەنی دارایی بەردەوامە و ھەماھەنگی توند ھەیە لەگەڵ سندوقی نیشتەجێبوونی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامبدرێت.