کۆمسیۆن: رێژەی دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری لە کەرکوک گەیشتووەتە ٪٩٨
کوردسات نیوز
٢٣ی تەمووزی ٢٠٢٣
ئوسامە عەتاڵا، یاریدەدەری کارگێری ئۆفیسی کەرکوکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، ٤٣ بنکەی کۆمسیۆن لە پارێزگای کەرکوک کراوەتەوە بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و بڕیارە پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆمارەکان تاکو ٧ی ئابی داھاتوو بەردەوام بێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ھاوڵاتییان بە رێژەیەکی باش بە دەم نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدانەکەیان ھاتوون و رێژەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران گەیشتووەتە ٪٩٦، ھەروەھا رێژەی دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری گەیشتووەتە ٪٩٨.
یاریدەدەری کارگێری ئۆفیسی کەرکوکی کۆمسیۆن وتیشی، پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆمارەکان گواستنەوەی نێوان پارێزگاکان و بنکەکانی دەنگدان و سڕینەوەی تۆماری مردووان لەخۆدەگرێت، داواش لەو ھاوڵاتییانە دەکات تۆماری دەنگدانیان نوێنەکردووەتەوە، سەردانی بنکەکان بکەن بۆ نوێکردنەوەی تۆمارەکانیان.