کوردسات نیوز: ھەوڵەکان بۆ یەکخستن و چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە بە کوێ گەیشتوون؟

بەرپرسێکی باڵای ھاوپەیمانان: ئەو پێشکەوتنەی لە ناو وەزارەتی پێشمەرگەدا بەدیھاتووە یەکناگرێتەوە لەگەڵ ئەو ھەوڵ و کۆششانەدا کە لەلایەن ھاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و شانشینی یەکگرتووی بەریتانیاوە بەگەڕخراون بۆ یەکخستنی ھێزەکانی پێشمەرگە.

کوردسات نیوز: ھێزەکانی ھاوپەیمانان ھەوڵی لێکنزیکبوونەوەی یەکێتی و پارتییان داوە لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە؟

بەرپرسێکی باڵای ھاوپەیمانان: ھێزەکانی ھاوپەیمانان بەردەوام ھانی ھەردوو لایەنیان داوە کۆتایی بە ناکۆکیەکانیان بھێنن و چیتر ھێزەکانی پێشمەرگە نەکەنە بەشێک لە ناکۆکییەکانی نێوانیان. ناجێگیری پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کاریگەری لەسەر وەزارتەکە بەجێھێشتووە، ھێندەی ئێمە تێبینیمان کردووە بە ڕوونی دەریدەخات کە دەرەنجامەکانی ئەو ناکۆکیانە بە ھۆی پارتە گەورەکانی ھەرێمی کوردستانەوە ھاتوونەتە ئاراوە.

کوردسات نیوز: دوا وادەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان چەندە بۆ چاکسازی و یەکخستنی ھێزەکانی پێشمەرگە؟

بەرپرسێکی باڵای ھاوپەیمانان: حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا یاداشتننامەیەکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئیمزاکردووە بۆ یەکخستنی ھێزەکانی پێشمەرگە لە ماوەی چوار ساڵدا،  بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بارودۆخی ئێستا تەواو پێچەوانەی پابەندییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە.

کوردسات نیوز: دۆخی ئێستای وەزارەتی پێشمەرگە چۆن دەبینن؟

بەرپرسێکی باڵای ھاوپەیمانان: شڵۆقی ناو خوودی وەزارەتی پێشمەرگە لە زیادبووندایە و دابەشبوونی نێوان فەرماندەکانیشی بەڵگەنەویستە، وێڕای ھەوڵ و کۆششەکانی ھاوپەیمانیی دەرکەوتووە کە یەکخستنی تیمی وەزارەتی پێشمەرگە ئەرکێکی قورسە، پارتە سیاسیەکان دەستێوەردان لە کارەکاندا دەکەن و ئەو ڕێنماییانەی بە ئەندامەکانی خۆیان دەدەن لە ناو وەزارەتی پێشمەرگەدا کاریگەرییەکی گەورەی بەجێھێشتووە و چەندین ئاستەنگی دروستکردووە.

کوردسات نیوز: مەرجی ھاوپەیمانان چییە بۆ بەردەوامی ھاوکارییەکان بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە؟ 

بەرپرسێکی باڵای ھاوپەیمانان:  ئەو یاداشتنامە لێکتێگەیشتنەی کە لە نێوان وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئیمزاکراوە بە ڕوونی ئەو مەرجانە دەردەخات کە پێویستن بۆ یارمەتیدانی ھێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، ھەندێ لەو مەرجانە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لەخۆدەگرن لەگەڵ ھێزەکانی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، لەگەڵ باشترکردنی ھەماھەنگی لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنیەکانی عێراق و ھەروەھا ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری ھەواڵگری و ئەنجامدانی کاری تۆمارکردنی بایۆمەتری و دامەزراندنی سەرکردایەتیەکی کارا و چالاک و دروستکردنی پەیکەربەندیی و کارکردن بە چەند چەمکێکی ڕوون و برەودان بە سیاسەتێکی سەربازی گشتگیر، ئەو مەرجانە خرابوونە بەردەم وەزارەتی پێشمەرگە بۆ زامنکردنی بەردەوامی پشتیوانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. 

کوردسات نیوز: ناکۆکییە سیاسییەکان کاریگەری لەسەر رێکنەخستن و چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە ھەبووە؟

بەرپرسێکی باڵای ھاوپەیمانان: بەڵێ  ناکۆکی سیاسی لە نێوان پارتە سیاسییەکاندا بە تایبەت لە نێوان یەکێتی و پارتی لەم پرسەدا، کاریگەرییەکی ڕوونی لەسەر پرۆژەی یەکخستنی ھێزەکان بەجێھێشتووە.