لایەنگرانی سەدر باڵیۆزخانەی سویدیان لە بەغداد سوتاند
کوردسات نیوز
٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٣
وەزارەتی دەرەوەی سوید دەڵێت، روداوی ھێرشکردنەسەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغداد و سوتاندنی، پێشێلکردنێکی ترسناکە و دەبێت حکومەتی عێراق بەرپرسیاریەتی پاراستنی کارمەندان و دامەزراوە دیپلۆماسییەکان لەئەستۆبگرێت.
وەزارەتی دەرەوەی سوید لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، ستۆکھۆڵم ئیدانەی سوتاندنی باڵیۆزخانەکەی لە بەغداد دەکات و سەرەڕای ئەوەش کە سەرجەم کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی پارێزراون، بەڵام باوەڕیان وایە ئەوەی روویداوە پێشێلکردنێکی ترسناکە.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، سوتاندنی باڵیۆزخانەی سوید دەستدرێژییە و ئەنجامدەرانی سزا دەدرێن، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە لێکۆڵینەوە لەبارەی سوتاندنی باڵیۆزخانەکە دەستیپێکردووە.
ھێرشکردنەسەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغداد دوای ئەوە ھات کە ستۆکھۆڵم رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەنجامدانی خۆپیشاندانێک لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوید بۆ سوتاندنی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق کە بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجامبدرێت.