وەزیری بەرگری فەڕەنسا سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات
لاڤە
١٩ی تەمووزی ٢٠٢٣
ئەمڕۆ "سیباستیان لوکورنو" وەزیری بەرگری فەڕەنسا دەگاتە ھەرێمی کوردستان و لەگەڵ "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و پرسە ئەمنییەکان و ھەماھەنگی ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای فەڕەنسا لە شەڕی داعش تاوتوێ دەکەن، ھەروەھا بڕیارە سەربازانی وڵاتەکەی لە ھەرێم بەسەربکاتەوە و جەختدەکاتەوە لەو پەیوەندییە بەھێزەی چەندین ساڵە لەنێوان ھەرێمی کوردستان و فەڕەنسا ھەیە.
دوێنێ وەزیری بەرگری فەڕەنسا لە بەغداد بوو، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ھاوبەشیشدا لەگەڵ "سابت محەمەد" وەزیری بەرگری عێراق رایگەیاند، کاردەکات بۆ دابینکردنی فڕۆکەی رافال بۆ عێراق، وتیشی راوێژکاری زۆریان رەوانەی عێراق کردووە بە مەبەستی ھاوکاری سەربازی و مەشق و راھێنان.