سەرۆکایەتی شارەوانی کەلار لە رونکردنەوەیەکدا باسی لەوەکردوە، لە کۆتایی ساڵی رابردوەوە گرێبەستی باڵەخانەی یەکێتی مامۆستایان کۆتاییھاتووە و داوایان لێکردون چۆڵی بکەن، چونکە زەوییەکە موڵکی شارەوانی کەلارە و بەشێوەی زیادکردنی ئاشکرا لە ١١ـی حوزەیرانەوە بۆ ماوەی (٢٤) ساڵ دراوە بەکەسێک بۆ دروستکردنی باڵەخانەی بازرگانی.

دەشڵێت، دەنگۆی روخاندنی بینای یەکێتی مامۆستایان بەبێ ئاگاداری یەکێتیەکە ڕەت دەکەنەوە و چەندینجار پێیان راگەیەنراوە، بۆ چۆڵکردنی بینایەکەش لە ئێستادا تەنھا چەن دوکان و پارچە زەویەکی تەنیشت بینای یەکێتی مامۆستایان ڕوخێنراوە کە ھاوکاتە لەگەڵ ئەو پارچە زەویەی کە زیادکردنی ئاشکرای بۆ کرابوو.

سەرۆکایەتی شارەوانی کەلار دەشڵێت، شوێنی بینای یەکێتی مامۆستایان دەکرێتە پڕۆژەیەکی بازرگانی  بە تێچووی زیاتر لە (٨٠٠)  ملیۆن دینار بۆ ماوەی (٢٤) ساڵ و کرێی ساڵانەی (٢٢)ملیۆن دینار کە دەبێتە داھات بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی کەلار وھەروەھا ڕەخساندنی ھەلی کار لەو باڵەخانەدا بۆ زیاتر لە ٢٠ کەس .