ژمارەی دانیشتوانی ھەرێم تا کۆتایی ئەمساڵ دەگاتە شەش ملیۆن و ٥٥٦ ھەزار کەس
هیوا
١١ی تەمووزی ٢٠٢٣
سیروان محەمەد سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پێشبینیدەکرێت ژمارەی دانیشتوانی ھەرێم لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣دا بگاتە شەش ملیۆن و ٥٥٦ ھەزار کەس، جگە لە ژمارەی ئاوارە و پەنابەران.
وتیشی، لەئێستادا زیاتر لە ٦٩٤ ھەزار ئاوارە و پەنابەر لە ھەرێمی کوردستان دەژین، لەو ژمارەیەش زۆرترین ژمارەی ئاوارە و پەنابەر کەوتووەنەتە پارێزگای دھۆک.
نەبوونی سەرژمێری لە عێراق بۆ ماوەی ٣٦ ساڵ کەلێنێکی گەورەی دروستکردووە بۆ چۆنیەتی ئامادەکردنی پلانی دانیشتوان و خزمەتگوزارییەکان، بۆیە دەستەی ئامار دەڵێت، ناچاربووە بەشێوەی خەمڵاندن ئاماری دانیشتوان بڵاوبکاتەوە تا وەزارەتەکانی حکومەتی ھەرێم بەکاریبھێنن بۆ دانانی پلان و سیاسەتی ساڵانەیان.
گەشەی دانیشتوان لە عێراق خێرایە و ساڵانە سێ ملیۆن کەس زیاد دەکات، بەجۆرێک لەئێستادا ژمارەی دانیشتووانی عێراق ٤٣ ملیۆن کەسە و پێشبینیشدەکرێت تا ساڵی ٢٠٥٠ ژمارەکە بگاتە ٧٥ ملیۆن کەس.
نەتەوە یەکگرتووەکان ١١ـی تەمموزی ھەموو ساڵێکی وەک رۆژی جیھانی دانیشتووان دیاریکردووە، دوای ئەوەی ساڵی ١٩٨٧ و لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، ژمارەی دانیشتووانی جیھان گەیشتە پێنج ملیار کەس، ئامانجیش لە دیاریکردنی ئەو رۆژە برەودانە بە ھۆشیاری زیاتر سەبارەت بەو پرسانەی راستەوخۆ پەیوەستن بە دانیشتوانەوە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی وۆڵد ئۆمیتەر لەئێستادا ژمارەی دانیشتووانی جیھان ٨ ملیار کەسی تێپەڕاندووە، پێشبینیشدەکرێت تا ساڵی ٢٠٥٠ ژمارەکە بگاتە زیاتر لە ٩ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن کەس.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامەکەیدا بۆ رۆژی جیھانی دانیشتووان دەڵێت، سەرەڕای ژمارەیەک پێشکەوتن، بەڵام تائێستاش جیھان بەدەست نایەکسانی جێندەری، خراپی خزمەتگوزاری پێویست بۆ دایکان و خێزان دەناڵێنێت، بۆیە دەبێت دەیان ساڵی دیکەش لە خەبات بەردەوام بن بۆ ئەوەی مافەکانی ژنان و کچان بەدەستبھێنن و جیاکاری رەگەزیش کۆتایی پێبھێنرێت.



