کاوە عەلی جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە رایگەیاند، بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاوکراوەنەتەوە کە لە چوار ساڵی کابینەی نۆدا بەبڕی ١٢ ترلیۆن دینار پڕۆژە جێبەجێکراوە، ئەوا کەمترین پشکی پارێزگای ھەڵەبجە دەکاتە ٢٥٢ ملیار دینار پڕۆژەی جێبەجێکراوە، بەڵام لەڕاستیدا پڕۆژەی جێبەجێکراو کە خەرجی راستەقینە کرابێت لە لایەن کابینەی نۆ لە پارێزگای ھەڵەبجە ناگاتە ١٠ ملیار دینار.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ئەگەر رێژەی ٢.١٪_ی ١٢ تریلیۆن بۆ پارێزگاکە بە راستەقینە خەرجبکرایە، ئەوا ھەموو پڕۆژە وەستاوەکانیش کە لەساڵی ٢٠١٠ وەستاون و ئەوانەشی بەڵێندراوە و تەنیا ژمارەی سەر کاغەزە، ئێستا تەواوبووبوون و لە خزمەتی ھاووڵاتیاندا بوون.

جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە جەختی لەوەشکردووەتەوە، راستییەکە ئەوەیە ئەو ژمارانە بە دروستی بگاتە ھاووڵاتیان نەک گەورەکردنی ژمارەکان، ھەروەھا پێویستە جیاوازی لەنێوان زاراوەکان بکرێت و بزانرێت پڕۆژەی جێبەجێکراو و بڕی تەرخانکردن و پڕۆژەی پێشنیازکراو زۆر جیاوازن.