وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان ھەوڵی بە نێودەوڵەتیکردنی جینۆسایدی گەلی کورد دەدات
کوردسات نیوز
١٠ی تەمووزی ٢٠٢٣
عادل حەمە ساڵح، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وەفدێکی وەزارەت بە سەرۆکایەتی عەبدوڵا حاجی محمود وەزیری کاروباری شەھیدان، بەشداری لە ١٦ھەمین کۆنفرانسی یەکێتی زانایانی نێودەوڵەتی جینۆساید دەکات لە شاری بەرشەلۆنەی ئیسپانیا ، کە تیایدا بە سەدان توێژەر و یاساناس و چالاکوانانی بواری جینۆساید بەشدارن و دەیان توێژینەوەی زانستی نوێی بواری جینۆساید پێشکەش دەکرێت .
ئەوەشی خستەڕوو، رێکخراوی KGی لۆبی سەنتەر، پانێڵێک لە بارەی کەیسەکانی جینۆسایدی کورد لە چوارچێوەی چەند توێژینەوەیەکی یاسایی و بەڵگەیی پێشکەش دەکات، وەک بەشێک لە بڕیارنامەی یەکێتی زانایانی نێودەوڵەتی جینۆساید.
عادل حەمە ساڵح وتیشی، ئامانجی بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکە ھەوڵدانە بۆ دروستکردنی کۆدەنگی لەسەر ئاستی جیھان و بە نێودەوڵەتیکردنی ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە گەلی کورد ئەنجام دراون، لە ھەمانکاتدا دەرفەتێکی گرنگە بۆ سوود وەرگرتن لە زانایان و یاساناسی جیھانی لە بواری جینۆساید.



