محەمەد عەلی تەمیم وەزیری پلاندانانی عێراق، لەسەر بنەمای بڕیاری  ژمارە ٣١ی ساڵی ٢٠٢١ی ئەنجومەنی نوێنەران و بڕیاری ٢٣١٣١ی  ئەنجومەنی وەزیران لە رۆژی ١٣ی ئاداری ٢٠٢٣ و لە چوارچێوەی تەواوکردنی رێکارە ھونەرییەکانی بە پارێزگاکردنی ھەڵەبجە،  رەزامەندی پیشاندا لەسەر  داڕشتنی کۆتایی نەخشەی وردەکاری سنوری ئیداری قەزا و ناحیەکانی سەر بە پارێزگاکە.

بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتی پلاندانان، ھەڵەبجە سەنتەری پارێزگاکەیە و ژمارە ١٦ی پێدراوە لە رێبەری یەکە کارگێڕییەکانی کۆماری عێراق، پارێزگا نوێکە قەزایەک و چوار ناحیە لەخۆدەگرێت کە بریتین لە (سیروان ، خورماڵ، بیارە، بەمۆ).

ئاماژەی بەوەشکردووە، فەرمانگەی گەشەپێدانی ھەرێمە خۆجێییەکان لە وەزارەتی پلاندانان وردبینی و پێداچوونەوەی  نەخشەکان و سنوری کارگێڕی و نەخشەی بنەڕەتی پارێزگاکە پێش فراوانبوون و دوای فراوانبوونی کردووە و چارەسەری سەرجەم دەستوەردانەکانی لە سنوری کارگێڕی لە دەرئەنجامی فراوانبوونی نەخشەی شارەکانی دەرەوەی یەکە ئیدارییەکان، ئەوەش بە ھەماھەنگی لەگەڵ  لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پارێزگای سلێمانی.