سەرچاوەیەک لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە  کوردسات نیوزی رایگەیاند، چوار کەس کە سیانیان ئەندامی دیموکرات بوون، ئێوارەی دوێنێ چونەتە گەشت و سەیران بۆ سەیرانگای ھەڵشۆ لە قەڵادزێ، بەڵام دوانیان کوژراون و ئاسەواری فیشەک بە جەستەیانەوە ھەیە.

وتیشی، ئەو دوو کەسەی دیکە کە لەگەڵیان بوون یەکێکیان لەسەر رووداوەکە دەستگیرکراوە، ئەوەی دیکەش ھەڵھاتووە. 

سەرچاوەکە باسی لەوەشکرد، ئەو دوو کەسەی کوژراون ناویان عادل رەسوڵ تەمەن ٣٣ ساڵ و لوقمان ئەمیر تەمەن ٢٥ ساڵە پێشتر پێشمەرگە بوون و دانیشتووی ھەولێر بوون، لە ئێستاشدا لێکۆڵینەوە لەرووداوەکە دەستیپێکردووە.

تەرمی ھەردوو کوژراوەکە لەئێستادا گواستراونەتەوە بۆ پزیشکی دادی سلێمانی.

لای خۆیەوە، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئێران بە رووداوەکە تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، ئەو دوو ئەندامەیان بە پیلانێکی پێشتر داڕێژراو تەقەیان لێکراوە.

حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات، کە بەرامبەر بەو  رووداوانە ھەڵوێست بنوێنن.