کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی نەوت لە ھەرێم ژمارەی کارمەندەکانیان بۆ نزمترین ئاست کەمدەکەنەوە
ڕێبوار
٧ی تەمووزی ٢٠٢٣
رێکخراوی رونبین بۆ شەفافیەت لە بواری نەوت رایگەیاند، بەھۆی ئەوەی بەرھەمھێنان لە زۆربەی کێلگە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان وەستاوە، ھەموو ئەو کۆمپانیا نەوتیانەی لە کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێم کار دەکەن زۆربەی کارمەندەکانیان ناردوەتە ماڵەوە و بەشێکی کەم لە کارمەندەکانیان لە ئامادەباشیدا ھێشتووتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنانەت ئەو کۆمپانیایانەی کە لە ئێستادا دەستیان بەبەرھەم ھێنانیش کردووەتەوە، دەستبەرداری زۆربەی کارمەندەکانیان بووە و بەشێکی تری کارمەندەکانیان بۆ کاتێکی نادیار ناردوەتەوە ماڵەوەو چەند کارمەند و ئەندازیارێکی کەم لە کێڵگەکاندا ماونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی روونبین، تەنانەت ئەو کۆمپانیایانەی ئێستا نەوت بەرھەم دەھێنن لەماوەی رابردوودا نەوتیان بە ٣٠ بۆ ٣٥ دۆلار کەمتر لەنرخی بازاڕ دەفرۆشت بە بازاڕی ناوخۆ، بەڵام لەمانگی حوزەیرانەوە داشکاندنەکە زیاتر بووە و ئێستا بە ٤٠ دۆلار کەمتر لەنرخی بازاڕی جیھانی نەوت دەدرێت بەبازاڕی ناوخۆ.
لە دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس لە ٢٥ی ئادارەوە، ھەناردەی نەوتی ھەرێم بۆ بەندەری جەیھانی تورکیا راگیراوە و سەرەڕای رێککەوتنی ھەرێم و بەغداد لە چواری نیسان، ھێشتا ھیچ ھەنگاوێکی کردەیی بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت نەنراوە.