حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، گفتوگۆکانیان لەگەڵ تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیھان بەردەوامە و بەرلە جەژنی قوربان وەفدی ھەردوولا گفتوگۆیان لەسەر میکانیزمەکانی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم کردووە.

وتیشی، لە دواین گفتوگۆکاندا، عێراق داوای لە لایەنی تورکی کردووە رێگەبدات وەفدێکی ھونەری عێراقی بەشداری لەو ھەڵسەنگاندنانەدا بکات کە کۆمپانیایەک وەک لایەنی سێیەم ئەنجامی دەدات بۆ پشکنینی ئەو زیانانەی کە تورکیا دەڵێت، بەھۆی بومەلەرزەوە بەر بۆرییەکە کەوتووە.

جەختیشیکردەوە، پێویستە عێراق بەشداربێت لە چاککردنەوەی ئەو زیانانەی بەر بۆری ھاوبەشی ھەردوو وڵات کەوتووەو دووپاتیکردەوە، لایەنی عێراق پسپۆڕییەکی زۆری ھەیە لە بواری چاککردنەوەی بۆرییەکانی نەوت و توانییویەتی بە ئاستێکی بەرز ئەو بۆریانە چاکبکاتەوە کە زیانیان بەرکەوتووە.

وەزیری نەوتی عێراق رونیشیکردەوە، ئەو بڕە نەوتەی ھەناردەی بەندەری جەیھان دەکرا دەگەیشتە ٥٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، بۆ پڕکردنەوەی قەرەبووی راگرتنی ھەناردەی نەوت لە رێگەی تورکیاوە، کاردەکەن بۆ زیادکردنی ئاستی ھەناردە لە رێگەی دەروازەکانی باشور.