شارەوانی سلێمانی لەبارەی ھەڵمەتی لابردنی زیادەڕۆیی روونکردنەوە دەدات
کوردسات نیوز
٦ی تەمووزی ٢٠٢٣
دەقی روونکردنەوەکە...
ڕوونکردنەوەیەک لە سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی یەوە سەبارەت بە ئەنجامدانی ھەڵمەتەکانی لابردنی زیادەڕۆیی لەسەر شۆستەو شەقامەکانی شار دەخاتە بەردەم ڕایگشتی:
۱ـ سەرۆکایەتیمان لایەنێکی تایبەتمەندە بەپێی یاسا لەناو سنوری ماستەرپلانی شاری سلێمانی و ھەڵدەستێت بە ڕێکخستن و لابردنی زیادەڕەوی و سەرپێچیەکان پاڵپشت بە یاسا و بڕیارەکان.
٢ـ ئەو ھەڵمەتەی سەرۆکایەتیمان پێی ھەستاوە لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکانی ھەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانی بووە لە پێناو ڕێگری کردن لە داگیرکردنی ماڵ و موڵکی دەوڵەت و پارێزگاری لە سیمای شارستانی شار و ڕێکخستنی ھاتوچۆی ھاوڵاتیان و دروست نەکردنی ئاستەنگی بۆیان و ڕاپەڕاندنی کاروباری ڕۆژانەیان بەشێوەیەکی ئاسایی.
٣- بە پێی ماددەی (٢٨ خاڵی ٣) لە یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان، دیاریکردنی چۆنیەتی بەکارھێنانی شۆستەو شەقامەکان و زەوییە بەتاڵەکان کە موڵکی شارەوانییە و ڕێکخستنی چۆنیەتی کارکردنی فرۆشیارە گەڕۆکەکان و فرۆشگاکان ئەرکی سەرۆکایەتی شارەوانییە.
٤- بە پێی ماددەی (٤ بڕگەی دووەم) لە یاسای (٣ ساڵی ٢٠١٨) یاسای ڕێگریکردن لە زیادەڕۆیی، لابردنی لەسەر موڵک و زەوی دەوڵەت، بەکارھێنانی گشتی یان بەشێکی لە شەقام و شۆستە و گۆڕەپان و باخچە بە شێوەیەکی کاتیی یان بەردەوام بۆ بەرژەوەندی تایبەت بە پێچەوانەی یاسا بەرکارەکان بە زیادەڕۆیی دادەنرێت بە پێی یاسای ئاماژە بۆکراو ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
٥- ئاماژە بە بڕیاری ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی ژمارە (١٠٧ لە ١١\٨\٢٠٢٢) سەبارەت بە ڕێگەنەدانی دروستکردنی کەپرو چەرداخ و جەمەلۆن لەبەردەم باڵەخانەو دوکانەکانیان، لەبەرئەوەی دەبێتە ھۆی کێشەی ھاتووچۆی ھاوڵاتیان و ڕاگرتنی ئۆتۆمۆبێل.
٦- ئاماژە بە بڕیاری ئەنجومەنی شارەوانیی ژمارە (٢٤٧ لە ٢٢\١٢\٢٠٢٢)، سەبارەت بە پێدانی مۆڵەتی شوێنکاری گشتی و میکانیزمی کارکردنی دوکاندارو خاوەن پیشە جیاوازەکان، دەبێت پابەندبن. بە ڕێنماییەکانی پێدانی مۆڵەت و زیادەڕۆیی نەکەنە سەر شۆستەو شەقام کە موڵکی گشتییە.
سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی
٦ ی ٧ ی ٢٠٢٣