هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی لوتکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پوتن، سەرنجەکان رودەکەنە ئەو بنکە سەربازییەی کە میوانداریی کۆبوونەوەکە دەکات، بنکەی سەربازیی هاوبەشی "ئێلمندۆرف-ڕیچاردسن" لە شاری ئەنکۆرەیج لە ویلایەتی ئەلاسکا.
هەڵبژاردنی ئەم بنکەیە تەنها لەبەر دوورییەکەی و هۆکاری ئەمنی نییە، بەڵکو خاوەنی گرنگییەکی ستراتیژی و مێژووییە.
زانیاری دەربارەی بنکەی ئێلمندۆرف-ڕیچاردسن
- ئەم بنکەیە باڵی سێیەمی هێزی ئاسمانیی ئەمریکای تێدایە کە فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی جۆری "F-22 Raptor" بەکاردەهێنێت و بە ناوەندێکی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنەکان لە ئاسیا، جەمسەری باکوور و کەناراوەکانی رۆژئاوا دادەنرێت.
- بەپێی زانیارییەکانی سوپای ئەمریکا، زیاتر لە 32 هەزار کەس لەم بنکەیەدا نیشتەجێن، کە دەکاتە نزیکەی %10ی دانیشتووانی شاری ئەنکۆرەیج.
- نرخی ژێرخانی بنکەکە بە نزیکەی15 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و ڕووبەرەکەی 85 هەزار ئێکەرە.
- زۆرێک لە شارەزایان پێیانوایە ئەم بنکەیە تاکە شوێنە لە ئەلاسکا کە ئاستی ئەمنیی پێویستی بۆ میوانداریکردنی هەردوو سەرۆک ترەمپ و پوتین هەبێت.
مێژووی دامەزراندن
بنکەکە بە شێوەی ئێستای لە ساڵی 2010 دامەزراوە، کە لە ئەنجامی یەکگرتنی بنکەی ئاسمانیی ئێلمندۆرف و بنکەی فۆرت ریچاردسنی سەر بە سوپا پێکهاتووە.
بنکەی ئێلمندۆرف لە سەردەمی جەنگی سارددا رۆڵێکی گرنگی لە چاودێریکردنی یەکێتیی سۆڤیەتدا هەبووە و بەرپرس بووە لە بەدواداچوونی هەر هێرشێکی ئەتۆمیی ئەگەری یان جوڵەی سەربازی لە زەریای هێمنەوە. هەر بۆیەش بنکەکە بە "بەرگی ئاسمانیی ئەمریکای باکوور" ناسراوە.
سەردانە مێژووییەکان
ئەم بنکە سەربازییە پێشوازیی لە چەندین سەرۆکی ئەمریکا و کەسایەتیی دیاری جیهانی کردووە، لەوانە:
- ساڵی 1971: ریچارد نیکسۆن، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، پێشوازیی لە ئیمپراتۆر هیرۆهیتۆی ژاپۆن کرد، کە یەکەمجار بوو ئیمپراتۆرێکی ژاپۆن لە سەردەمی دەسەڵاتیدا سەردانی وڵاتێکی بیانی بکات.
- ساڵی 1983: رۆناڵد ریگن، سەرۆکی ئەمریکا، لەمیانی گەشتەکەیدا بۆ ژاپۆن و کۆریا لە بنکەکە وەستا.
- ساڵی 2015: باراک ئۆباما بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی "GLACIER" سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا سەردانی بنکەکەی کرد.
- ساڵی 2023 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، بەشداریی لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر لەم بنکەیەدا کرد.
زۆربەی سەردانکەرانی دیکەی واشنتن بریتی بوون لە بەرپرسانی باڵای وەزارەتی بەرگری، کە بۆ بەسەرکردنەوەی دۆخی سەربازەکان و گفتوگۆکردن لەسەر ئەرکی بنکەکە سەردانیان کردووە.
بۆ وردەکاری زیاتر لەبارەی ئەو بنکەوە دەتوانیت بگەڕێیتەوە سەر ئەم هەواڵە:
https://news.kurdsat.tv/ckb/news/2/50230