وەزارەتی دارایی ھەرێم رونکردنەوەیەکی سەبارەت بە گەڕاندنەوەی پێشینەکان بڵاوکردەوە
هادی
٤ی تەمووزی ٢٠٢٣
وەزارەتی دارایی ھەرێم رونکردنەوەیکی سەبارەت بە گەڕاندنەوەی قەرزی ھاووڵاتیان لە پشکی پێشینەی ھاوسەرگیری و خانووبەرە و نیشتەجێبوون بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێدانی قەرزو بەدەستھێنانەوەی بەپێی یاسای عێراقی ئەنجامدراوە و لەساڵانی ڕابردودا حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی دارایی رەچاوی قەیرانی داراییان کردووە و ئاسانکاری زۆریان پێشکەش کردووە بۆ چۆنیەتی گەڕاندنەوەی قەرزەکان و چەند جارێک بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لێخۆشبونی تەواو کراوە لە ھەموو سزا کەڵەکەبووەکان و داشکاندنی ١٥٪ بۆ کۆی گشتی قەرزەکان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لەمەودوا تەنیا یەک لە سەر پێنجی مووچەکەی مانگانەی فەرمانبەری کەفیل دەبڕدرێت، ئەوەش کاتێک ئەگەر قەرزار ئامادەنەبوو لەماوەی دوو مانگدا قەرزە کەڵەکەبووەکان بگەڕێنێتەوە، لێبڕینی ئەو ڕێژەیەش لە مووچەی کەفیل بەیاساو بڕیاری دادگا رێکخراوە، تەنیا ئەوکەسانە دەگرێتەوە کە فەرمانبەرن و بونەتە کەفیلی ھاووڵاتی و تەنیا بۆ سێ جۆر قەرزە کە ئەوانیش قەرزی "خانووبەرە، نیشتەجێبوون، ھاوسەرگیری".
لە بەشێکی تری رونکردنەوەکەدا ھاتووە، بەپێی ڕێنماییەکە خاوەن قەرز ئیجبار نەکراوە لەماوەی دوو مانگ ھەموو قەرزەکە بگەڕێنێتەوە، ئەگەر ھەر کەسێک نەیتوانی لەو ماوەیە قەرزەکە بداتەوە دەتوانێت لەگەڵ کەفیلەکەی رێک بکەوێت و مانگانە ئەو بڕە پارەیە بداتە کەفیلەکە کە لەمووچەکەی دەبڕدرێت، بەپێی یاساش وەزارەتی دارایی و بانکە پسپۆڕیەکان دەسەڵاتی لێخۆشبونیان لەھیچ بڕێکی قەرزەکە نییە.



