بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێم رایگەیاند، یاداشتانامەیەکی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ بانکی جیھان کردووە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی ھەنگاوەکانی ھێنانی ئامێر و کەلوپەلە پێشکەوتووەکانی کشتوکاڵی بەقیسی درێژخایەن.

راشیگەیاندووە، بانکی جیھان بەڵێنی ھەماھەنگی و کارئاسانیانداوە بۆ ئەوەی بەبێ خستنەسەر ھیچ زیادەیەک لە نرخی ئامێرەکان، میکانیزمی ھاوردەکردنی ئامێرەکانیش بۆ جوتیاران لە ئەستۆبگرن لەرووی رێکارە بانکییەکانەوە، بەھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ.

وەزیری کشتوکاڵ ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، جوتیاران و خاوەن پڕۆژەکانی کشتوکاڵی بەپێی ئەو پڕۆسەیەی دارێژراوە لە فەرمانگەکانی وەزارەت دوابەدوای تۆمارکردنی ناوەکانیان و خستنەرووی میکانیزمەکانی چۆنیەتی سوودمەندبوون، دەتوانن داوای ئەو جۆرە ئامێرانە بکەن کە پێویستییانە، بەقیستی درێژخایەن بۆ ماوەی پێنج ساڵ بە کواڵێتی پێشکەوتووی ئەوروپی و ئیتاڵی.