ئەنجامی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا راگەیەندرا
کوردسات نیوز
٤ی تەمووزی ٢٠٢٣
د.ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرکەوتنی گەورەترین پڕۆسەی خوێندنی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرای راگەیاند و وتیشی، وەزارەتەکە بەوپەڕی شەفافیەت و بێلایەنی وردبینی لە داتاکان کردووە.
وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەشکرد، لە مانگی نۆی ئەمساڵ خولێکی دیکەی پڕۆسەی خوێندنی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکان دەستپێدەکات.
راشیگەیاند، لە دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان، ئەگەر پێشکەشکاران ھەر تانەیەکیان ھەبێت، لە ماوەی پێنج رۆژی کارکردن دەتوانن بەشێوەی ئۆنلاین لە وێبسایتی رەسمی زانکۆکان، تانە تۆمار بکەن.
رۆژی ١٢ی حوزەیرانی ئەمساڵ بە بەشداری نزیکەی ١٦ ھەزار خوێندکار تاقیکردنەوەی توانستی زانستی بۆ پێشکەشکارانی دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا لە ١٤ زانکۆی حکومی بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣ بۆ ٢٠٢٤ ئەنجامدرا، لەکاتێکدا نزیکەی حەوت ھەزار کورسی خوێندن لە زانکۆ حکومییەکان بەردەستە.



