بەگوێرەی دوو نوسراو کە ئیمزای د. ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەسەرە، فەرمانی دامەزراندن بۆ ھەردوو (زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان) و (زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان) دەرچوو.

لە فەرمانی یەکەمدا ھاتووە، پاڵپشت بە فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و یاسای وەزارتی خوێندنی باڵا و توێژینەوی زانستی، بڕیاردرا بە دامەزراندنی زانکۆیەکی حکومی نوێ بەناوی (زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان) کە ناوەندەکەی لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان (قەزای کەلار) دەبێت، ھەروەھا بەستنەوەی ئەم زانکۆیە بە وەزارەت و زیادکردنی بۆ لیستی زانکۆ حکومییەکان.

لە فەرمانی دووەمیشدا ھاتووە، بەگوێرەی ھەمان رێکار و یاسا بڕیاردرا بە دامەزراندنی زانکۆیەکی حکومی نوێ بەناوی (زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان) کە ناوەندەکەی لە قەزای ئاکرێ دەبێت، ھەروەھا بەستنەوەی ئەم زانکۆیە بە وەزارەت و زیادکردنی بۆ لیستی زانکۆ حکومییەکان.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە فەرمانەکەیدا باسی لەوەشکردوە، ھەردوو فەرمانەکە لە ڕۆژی دەرچوونیانەوە جێبەجێدەکرێن.