زیاد جەبار: داواکاری ژمارەیەک فراکسیۆن بۆ خانەنشینی پەرلەمانتارەکانیان موزایەدەیە
کوردسات نیوز
٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٣
زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، بە ئەمری واقع خولی پێنجەمی پەرلەمان کۆتاییھاتووە و پەرلەمان ناتوانێت ھیچ چالاکییەک ئەنجام بدات.
وتیشی، لەچەند رۆژی داھاتوودا دیوانی پەرلەمان مامەڵەی خانەنشینی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم ئەنجامدەدات و پێویستە لەئێستاوە بیر لە ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردن و خولێکی دیکەی پەرلەمان دەستپێبکات.
پەیوەست بە داواکاری ژمارەیەک فراکسیۆنیش بۆ خانەنشینی، زیاد جەبار دەڵێت، ئەو داواکارییە جۆرێکە لە موزایەدە و خۆڵکردنەچاوی خەڵک، چونکە ل بنەڕەتدا پەرلەمان ھەڵوەشاوەتەوە و دیوانی پەرلەمان بەبێ ئەو نوسراوانەش، مامەڵەی خانەنشینی وەک رێکارێکی یاسایی ئەنجام دەدات.



