پێکھێنانی ئەو لیژنەیە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە دوای ئەوە دێت، کە ژنێکی تەمەن ٣٤ ساڵی دووگیان لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ھەولێر لەکاتی نەشتەرگەری منداڵبوون گیانی لەدەستدا، دوابەدوای رووداوەکەش، کەسوکارەکەی ھۆکارەکەیان بۆ کەمتەرخەمی پزیشکەکەی گەڕاندەوە و دووپاتیانکردەوە کە سکاڵا تۆمار دەکەن.

وەزارەتی تەندروستی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەپێناو پاراستنی مافی نەخۆش، بڕیاریدا بە پێکھێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر کەیسی گیانلەدەستدانی ژنێکی دووگیان لە ھەولێر بەچاودێری و ئامادەبوونی دادوەری نوێنەری داواکاری گشتی بۆ بەدواداچوونی زانستی و یاسایی و ئاشکراکردنی دەرەنجامەکان بۆ رای گشتی.