زانیاری نوێ لەبارەی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرا دەکرێت
لاڤە
١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٣
خالد عەباس، بەڕێوەبەری نوسینگەی دھۆکی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، لەسەر داوای سەرۆکی ھەرێم، دوێنێ کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە ھەولێر کۆبووەوە سەبارەت بەوەی کە ئایا دەتوانێت ئەمساڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رێکبخات یاخود نا.
وتیشی کۆمیسیۆن گەیشتە ئەو ئەنجامەی ئەگەر ھەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق دوابخرێت کە مانگی ١٢ی بۆ دیاریکراوە، ئەوا کۆمسیۆن دەتوانێت ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رێکبخات، ئەگەر نا کۆمیسیۆن وادەیەک پێشنیاز دەکات لە مانگی چوار یان پێنجی ساڵی داھاتوو، کە دەبێت لەسەری رێکبکەون و پاشان ئامادەکارییەکان دەکات.
خالد عەباس ئەوەشی روونکردەوە، ئەو کاتەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە زۆر نزیکە و رەنگە کۆمیسیۆن بڕیار بدات ئەو ھەڵبژاردنانە لە بەھاری ساڵی ٢٠٢٤ ئەنجام بدرێت، چونکە دواخستنی ھەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق کارێکی قورس دەبێت، بەوپێیەی یەکەمجارە بڕیار بدرێت ئەو ھەڵبژاردنە پێش ٢٠ی مانگی ١٢ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.