ئێوارەی ڕۆژی ھەینی، لە شاری ئەمستەردامی پایتەختی ھۆڵەندا، لە ھۆڵەکانی کۆنفڕانس و کۆنگرەی دامەزراوەی کەیتڵھاوس، بەختیار بەکر نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەھۆڵەندا، بەشداری سیمپۆسیۆمی ١٠ ساڵەی سەنتەری ماکس ڤەندەر ستولی سەربە پارتی کاری ھۆڵەندی بۆ کار و باری دەرەوەی وڵات دەکات، ھاوکات وێڕای گەیاندنی پەیامی پیرۆزبایی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ، دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بێرت کوندەرس وەزیری پێشووی دەرەوەی ھۆڵەندا و سەرۆکی دامەزراوەی ماکس ڤەندەر ستول و بەڕێوەبەرانی دامەزراوەکە و بەڕێز تایس ڕەوتن ئەندامی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا و بەشێکی تر لەمیوانانی ئامادەبوو، سازداوە و تیایدا باس لەدواین گۆڕانکاری و پێشھاتە سیاسییەکان و کار و پڕۆژەی دوولایەنە کراوە.

ھەر لەم سیمپۆسیۆمە لە رێگە ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە، پەیامی پیرۆزبایی و دۆستایەتی لەگەڵ دامەزراوەی ماکس ڤەندەر ستول و پارتی کاری ھۆڵەندی ، سەرکەوت مەحەمەد غەفوور ئەندامی سەرکردایەتی و لێپسراوی بۆڕدی پەیوەندییەکانی دەرەوەی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان  پێشکەشکرا .

لەبەرامبەردا سەرۆکایەتی دامەزراوەکە و رێکخەرانی سیمپۆسیۆمەکە سوپاسگوزاربوون و بەڵێنی درێژەدان بەھاوکاری و کاریھاوبەشیان بۆ یەکێتی دووپاتکردەوە.

لە لێدوانێکی تایبەتدا، بەختیار بەکر نوێنەری یەکێتی لەھۆڵەندا رایگەیاند، یەکێتی و سەنتەری ماکس ڤەندەر ستولی سەربە پارتی کاری ھۆڵەندی بۆ کار و باری دەرەوەی وڵات، پارساڵ لە شاری سلێمانی لێکتێگەیشتنێکی ھاوبەشییان ئیمزاکرد لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی دوو پارتەکە. ئامانجە ھاوبەشەکان، وەکو دوو ھێزی چەپ و دیموکراتخواز ھەوێنی پڕۆژە و چالاکییەکانی داھاتوو دەبن و سوود لە ئەزموونی درێژخایەنی سۆسیال دیموکراتەکانی ھۆڵەندا و ئەوروپا وەردەگیرێت بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندی بارودۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ژینگە و پێکھاتەی سیاسی و کۆمەڵاتی عێراق و ناوچەکە. یەکێتی و پارتی کاری ھۆڵەندی پەیوەندییەکانییان لەئاستێکی بەرزە و متمانە ھەوێنی کار و پڕۆژەکانی ڕابڕدوو بووە، بۆ داھاتووش بەھەمان شێوە و بگرە فراوانتریش دەبێت.