بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، بەمەبەستی دووربوون لەنەخۆشی تای خوێنبەربوون چەند رێنماییەکی نوێی بڵاوکردەوە داوا دەکات سەربڕینی ئاژەڵ لەناو ئەو سەربڕینخانانەدا بێت کەڕێگە پێدراون وپزیشکی ڤێتێرنەری سەرپەرشتی دەکات، لەکاتی کەوڵکردن و پارچە پارچەکردنی گۆشتی ئاژەڵ، پێویستە جل وبەرگی خۆپارێزی لەبەرکرێن.

بەپێی رێنماییەکان نابێت خانەوادە یان خەڵک کۆ ببنەوە لەچواردەوری ئەو کەسەی ئاژەڵ سەر دەبڕێت، ناشبێت ھاوکاری بکەن لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ و پارچە پارچە کردنی گۆشتەکەی، پاکژکردنەوەی تەختە و چەقۆکان دوای بەکارھێنان، لەگەڵ پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەردەبڕێت، بەتایبەت ئەوشوێنانەی خوێنی لێیە بەماددەی کلۆریین.

جەخت لەوەشکراوەتەوە، باشتر وایە گۆشت دوای سەربڕینی ئاژەڵ بۆ ماوەی نیو سەعات لە پلەی چوار بۆ ھەشت پلەی سەدی ھەڵبگیرێت پاشان بەکاربھێنریت، بەڵام گۆشتی کوڵاو ھیچ کێشەی نیە و سەلامەتە، ناشبێتە ھۆی توشبوون بەنەخۆشی تای خوێنبەربوون.