سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و تیمێکی پسپۆڕی یۆنامی و سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ھەنگاوەکانی ئامادەکاریی  بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە سەرۆکایەتی ھەرێم کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ھەرێم دووپاتی کردەوە کە ھەرچی زووە ھەنگاو بنرێ بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان ، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەییی سەرۆکایەتیی ھەرێم و حکوومەت و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دەربڕی.

لای خۆیەوە جینین پلاسخارت و تیمی یۆنامی ئامادەیییان پیشاندا بۆ پێشکەشکردنی ھاوکاری بۆ ئەنجامدان و سەرخستنی ھەڵبژاردن.

ھەروەھا سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنی عێراق و ئەنجومەنی کۆمیسیاران، ئامادەییان پیشاندا بەپێی یاسا و دوای دەستەبەرکردنی پێداویستییەکان و ڕێککەوتن لەسەر کاتێکی گونجاو، ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان بەرێوە ببەن. بۆ ئەو مەبەستەش بڕیار درا لە پەیوەندیی بەردەوامدا بن بەمەبەستی دیاریکردنی وادەیەک بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن.